سال 1392 و نوروز باستانی برتمام ایرانیان و ورزش دوستان، ورزشکاران و هواداران تیم فوتبال نوروز بوکان مبارک باد



پەیامی یانەی فەرهەنگی-وەرزشیی نەورۆزی بۆکان بە بۆنەی هاتنی ساڵی ٢٧١٣ی کوردی

خەڵکی وەرزشدۆستی کوردستان
هاندەران و لایەنگرانی یانەی فەرهەنگی-وەرزشیی نەورۆزی بۆکان

بەرەبەرە دوارۆژەکانی ساڵی ٢٧١٢ی کوردی تێپەڕ دەکەین و دەچینە نێو یەکەم رۆژەکانی ساڵی نوێی کوردەواری کە جژنێکی نەتەوەیی و کۆنی کوردەکانە، بەم بۆنەوەیەوە جوانترین و رازاوەترین پیرۆزباییەکانی خۆمان ئاراستەی هەموو خەڵکانی قارەمان و وەرزشدۆستی کوردستان، وەرزشکاران، هاندەران و لایەنگرانی یانەکەمان و سەرجەم تاقمەکانی کۆمەڵگای کوردستانی ئێران دەکەین.
نەورۆز جێژنی نوێبوونەوە و بووژانەوەی سروشتە، جێژنی کۆتایی هاتنی سەرما و سەخڵەت و شکاندنی پردەکانی ناهومێدی، رەمزی نەبەزین و پێشکەوتن و هەروەها لە مێژوو دا هێمای شادی و خۆشی و سەرکەوتنە. یانەکەی ئێمەش کە هەڵگری ناوی بەرزی نەورۆزە و بۆتە جێی چاوەڕوانی بەشێکی زۆر لە وەرزشدۆستانی کورد هەوڵ دەدا بە نوێبوونەوەی سروشت هەموو ‌هێز و توانای خۆی بۆ گەیشتن بە بەرزترین پلەکان بخاتە گەڕ. بەم شێوەیە دەبێ هەموومان لەوە تێبگەین کە بە دڵێکی پڕ لە یەقینەوە بەرەو پیری نەورۆز بچین و هەوڵ بدەین بۆ بەزاندنی پردەکانی بەرەوپێش چوون هەنگاوی کردەیی هەڵێنین.
خۆشەویستان، یانەی نەورۆز لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٧١٠ی کوردی پێی نایە نێو گۆڕەپانی وەرزشی تۆپی پێ. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا بە پێی بەرنامەکانی توانیوێتی تا رادەیەک هیوا ببەخشێتە هاندەران و خەڵکی کورد لە شاری بۆکان و هەروەها هەموو ناوچە کوردنشینەکان. لەم ماوەیەدا تیمی گەورەساڵانی نەورۆز توانیوێتی لە ساڵەکانی ٩٠ و ٩١ی هەتاویدا پلەی سێهەمی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بۆ خۆی دەستەبەر بکا. لە ئاستی تیمی ئومیدەکانیشدا توانیوێتی پلەکانی سێهەم و چوارەم لە ساڵەکانی ٩٠ و ٩١دا بۆخۆی تەرخان بکا کە بە لە بەرچاوگرتنی مێژووی دامەزرانی یانەکەماندا شتێکی جێی هیوایە و دەتوانین لە داهاتوودا بۆ بە دەستهێنانی نازناوی گەورەتر پێی دڵخۆش بین.
لە داهاتوودا هەر وەک لە دوایین وتووێژی بەڕێوەبەری گشتیی یانەکە دەردەکەوێ ئێمە دەمانهەوێ بە بەرنامە داڕشتن و هاوئاهەنگی زیاتر لە نێوان یاریزانان، راهێنەران، بەڕێوەبەران و هاندەرانی تیمی نەورۆز قۆناغەکانی گەیشتن بە ئاستەکانی سەرتر یەک لە دوای یەک ببەزێنین و دڵی هەموو خەڵکی کورد و لایەنگرانمان شاد بکەین و هیوایان پێ ببەخشین. هەروەک کە دیارە هەموو کات هاندەران و خەڵکی شاری بۆکان گەورەترین هێزی پشتیوانی لاوانی وەرزشکار بوون و هەن، چاوەڕوانیشمان لە هەموان هەیە لە ساڵی نوێدا بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بە پشتیوانی خۆیان ورە ببەخشنە تیمەکەمان.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی جێژنی نەورۆز و ساڵی نوێتان لێ دەکەین و هیوادارین لەم ساڵەدا سەرجەم هیواکانی ژیانتان بێتە دی و ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن بێ بۆ هەموومان.

پێوەندییە گشتیەکانی یانەی فەرهەنگی-وەرزشیی نەورۆزی بۆکان
رەشەمەی ٢٧١٢ی کوردی

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

واگذاری مالکیت تیم فوتبال سردار بوکان به نهادهای امنیتی( پترو پالایش اسوه)

گام محکم نوروز در اولین بازی لیگ برتر

برد پرگل تیم فوتبال نوروز بوکان برابر میاندواب